کۆتایی بە ئەرکی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق دەھێنرێت

2024-07-23   |  
فۆتۆ: 
یەحیا
عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە واشنتۆن کۆبوونەوەو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەم ھەفتەیە ھەردوولا دووبارە کۆدەبنەوە.

چوار سەرچاوەی عێراقی ڕایانگەیاندووە، لە دوایین کۆبوونەوە عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەش ئامادەی بووە، بەغداد بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمریکای کردووە.

ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان وتووە، عێراق دەیەوێت ھێزی ھاوپەیمانان لە مانگی ئەیلولەوە دەست بە کشانەوە بکەن، ھەروەھا تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانیان بھێنرێت، لەگەڵ ئەگەری مانەوەی ھەندێک لە ھێزەکانی ئەمریکا لە پلەی ڕاوێژکاری.

رۆیتەرز دەڵێت، ھەڵوێستی عێراق لەم ھەفتەیەدا لە واشنتۆن لە لوتکەی ئەمنیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی تاوتوێدەکرێت، بەڵام تائێستا ھیچ ڕێککەوتنێکی رەسمی نییە بۆ کۆتاییھێنان بە ھاوپەیمانییەکە یان ھیچ خشتەیەکی کاتیی پەیوەست بەو پرسە.

ھاوکات ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە ھەردوولا دووبارە لە واشنتۆن کۆدەبنەوە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی گواستنەوەی ئەرکی ھاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی کە داعش دروستیکردووە، وتیشی، ھیچ وردەکارییەکی زیاتر نییە لەوبارەیەوە.