کاردانەوەکان لەسەر ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حودەیدە بەردەوامە

2024-07-21   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
کاردانەوەکان لەسەر ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حودەیدە بەردەوامە و لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکاش ڕایگەیاند، ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی ھەیە.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یوئاف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری حودەیدەی یەمەن تێدەگەن و ئیسرائیل ھەموو مافێکی ھەیە بۆ بەرگریکردن لەو ھەڕەشانەی لە وڵاتانی دەرەوە لەسەرێتی. پابەندی واشنتۆنیشی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

ھاوکات، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو بەندەرەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە لە یەمەن، لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ ھێنانی چەکی ئێرانی بەکاردەھێنرێت و بەندەرێکی مەدەنی نەبووە.

لای خۆشیەوە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆردومانەکەی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و ھۆشداریشیدا لە مەترسی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان و بڵاوبوونەوەی زیاتری جەنگ. 

بە پێی نوێترین ئاماریش لەسەر ئەو ھێرشە، سەرچاوە تەندروستییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی ھێرشەکە گەیشتووەتە پێنج کەس و ٨٧ برینداریش ھەیە، ھەروەھا ژمارەیەک کارمەندی دەریاییش بێسەروشوێنن.