قاسم ئەعرەجی: عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی شەڕکەری ئەمریکا نییە

2021-07-24   |  
قاسم ئەعرەجی ئەمریکا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە ھیچ ھێزێکی شەڕکەری ئەمریکا نییە.

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە ئەندامی وەفدی عێراقە بۆ واشنتن لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە ئەمریکییەکانیان وتووە، لە ئێستادا عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی شەڕکەری ئەمریکا نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن وتی، عێراق ھێشتا پێویستی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکایە لە بواری راھێنان و پڕچەککردن و ھێزی لۆجستیدا.
وەفدێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن لە ئەمریکایە و بڕیاریشە رۆژی ٢٦ی مانگ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و باس لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بکەن.