محەمەد حەلبوسی ھێرش دەکاتە سەر خەمیس خەنجەر

2021-07-24   |  
محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ناکۆکی قوڵ لە نێوان (محەمەد حەلبوسی) و (خەمیس خەنجەر) سەرھەڵدەدات و حەلبوسی ھەڕەشەی لێدان لە پێگەی (خەنجەر) دەکات.

لەسەر دۆسێی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەنبار، ماوەی ھەفتەیەکە ناکۆکی قوڵ لە نێوان (محمەد حەلبوسی) سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و (خەمیس خەنجەر)، سەرۆکای ھاوپەیمانی عەزم سەریھەڵداوە کە ھەردووکیان خۆیان بە نوێنەری زۆرینەی سوننەی عێراق دەزانن.
لە نامەیەکدا، کە میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە، (محەمەد حەلبوسی) ھێرشێکی توندی کردووەتە سەر خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبی لە عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانیی (عەزم) و رایگەیاندووە، زۆر جار ھەوڵیداوە بەرژەوەندیی نیشتیمان و کەیسی سوننەکان بخاتە پێشەوە و پرسە بچووکەکان وەلا بنێت، بەڵام ھیچ سوودیان نییە، دەشڵێت، رێگە بە (خەمیس خەنجەر)، نادرێت سازش لەسەر خاک بکات.
(حەلبوسی) بە (خەمیس خەنجەری) راگەیاندووە، روبەڕوی پیلانگێڕییە نەشیاوەکانی دەبێتەوە و رێگە نادات ئەوەی موڵکی ئەو نییە بیفرۆشیت و دەیگەڕێنتەوە بۆ قەبارەی خۆی.