وەزیری کۆچی عێراق: دەبێت بەشێوەیەکی ھەمیشەیی دۆسییەی ئاوارەکان دابخرێت

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەخت لە داخستنی ھەمیشەیی دۆسییەی ئاوارەکان دەکاتەوە و دەڵێت، ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییان پێھاتووە.

ئیڤان فایق لە بەغداد پێشوازیکرد لە ڤیکتۆریا تایلۆر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکرا لەسەر پلانی وەزارەتیان بۆ داخستنی ھەمیشەیی دۆسییەی ئاوارەکان لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ئیلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەچوو، وەزیری کۆچی عێراق رایگەیاند، دەبێت بەشێوەی ھەمیشەیی دۆسییەی ئاوارەکان لە عێراق دابخرێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییان پێھاتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا عێراق زیاتر لە ٧٥٠٠ ئاوارەی لە سوریا گەڕاندووەتەوە و کار بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکانیش دەکات لە سوریا و ھەرێمی کوردستان.