مانگی رابردوو زیاتر لە نۆ تۆن ماددەی ھۆشبەر لە عێراق دەستیبەسەرداگیراوە

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو تواندراوە دەستبگیرێت بەسەر زیاتر لە نۆ تۆن ماددەی ھۆشبەر کە زۆرینەی لە جۆری "حەبی کپتاگۆن" بووە.

عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو لە میانەی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی ھێزەکانی پۆلیسی عێراق، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان و ھاوکات دەستگیرکردنی بەکارھێنەر و بازرگانەکان، تواندراوە دەستبگیرێت بەسەر نۆ تۆن حەبی کپتاگۆن و ٣٩٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەر.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێزەکانی پۆلیس ھەزار و ٤٣١ کەسیان بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بەو ماددە ھۆشبەرەوە دەستگیرکردووە، کە ھەندێکیان بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی ھۆشبەرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو، دەسەڵاتی دادوەری عێراق، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ژمارەیەک بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەرکرد، کە لەنێویاندا کەسانی بیانی ھەیە.