رێکخراوی فاو: قەیرانی دەریای سور نرخی بەرھەمە خۆراکییەکان لە جیھاندا بەرزدەکاتەوە

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی فاو ھۆشداری دەدات لە قەیرانی دەریای سور و دەڵێت، دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی نرخی بەرھەمە خۆراکییەکان لە جیھاندا.

ئولیگ کوبیاکوڤ بەڕێوەبەری نوسینگەی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" رایگەیاند، رەوشی بابلمەندەب و دەریای سور بەھۆی گەمارۆی حوسییەکانەوە کاریگەری لەسەر بازرگانی خۆراک دەبێت و نرخەکان بەرز دەکاتەوە، چونکە تێچووی کەشتییە بارھەڵگرەکان کە بەو رێگەیەدا دەڕۆن چوار ھێندە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵاکان ٣٠٪ کەمیکردووە.

وتیشی، گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیھاندا رەتیکردووەتەوە کاڵا و پێداویستییەکان بە دەریای سوردا بگوازێتەوە. 

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ھێزی دەریاییان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا و بەریتانیاش ھێرش بۆ سەر حوسیییەکان ئەنجامدەدەن، بەھۆی ئەوەی مەترسین لەسەر کەشتییەکان.