ژمارەیەک گەورە لێپرسراوی سوپای ئیسرائیل دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژمارەیەک گەورە لێپرسراوی نێو یەکەیەکی سوپای ئیسرائیل، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان پێشکەش کردووە.

کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان لە یەکەی بەرپرس لە سیستمی زانیاری لە سوپای ئیسرائیل پێشکەش کردووە، کە لەلایەن دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت.

لە نێو ئەو کەسانەشی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، کۆلونێل ریچارد ھیچت ھەیە، کە وتەبێژی سوپای ئیسرائیلە بۆ کاروباری راگەیاندنی بیانی. 
ھەروەھا کۆلۆنێل شلومیت میلەر کە بە دووەم کەس لە دوای "ھاگاری" دادەنرێت، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.  سەرۆکی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانیش لە یەکەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل کارەکەی جێدەھێڵێت. 

کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ لە ئەنجامی ناڕەزاییەکانە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکان و ئاماژەیەکە بۆ ئەو پشێوییەی لە یەکەی زانیارییەکاندا ھەیە کە لەلایەن "ھاگاری"یەوە بەڕێوەدەبرێت.