لەم خولەی پەرلەمانی ئێران ژمارەی کورسی نوێنەرانی کورد بۆ ٣٢ کورسی بەرزبووەتەوە

2024-03-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە خولی دوانزەھەمی پەرلەمانی ئێران ژمارەی کورسی نوێنەرانی کورد بەرزبوەتەوە بۆ ٣٢ کورسی، کە دوو کورسی بازنەی ورمێ و کورسییەکی بازنەی نەغەدە و شنۆ و کورسییەکی بازنەی ماکووپۆلدەشت وچاڵدێرانیش نوێنەرانی کورد سەرکەوتنیان بە دەستھێناوە.

لە پارێزگای لوڕستانیش کورد ٨ کورسی ھەیە، تائێستا ٧ کورسی یەکلایی بوەتەوە و کورسی ھەشتەمیش لە قوناغی دووەمدا یەکلایی دەبێتەوە.

ھەروەھا ژمارەی نوێنەرانی کورد لە پارێزگای ورمێ بەرزبووەتەوە بۆ ٧ نوێنەر، تەنھا لە بازنەی ورمێ لە کۆی سێ کورسی دوو کورسی بۆ کورد بووە، ئەو دوو کەسەش یەکێکیان ژنێکە بەناوی شەھێن جەھانگیری، ھەروەھا لە بازنەی ماکووپۆلدەشت و چالدرانیش یەکەمجارە کوردێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.

بەپێی ئامارەکان، رێژەی بەشداری پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە سنە لەسەدا ٣٠.٥٤ و لە کرماشان لەسەدا ٣٧.٣ و لەورمێ لەسەدا ٤٦.٣ و لە ئیلام لەسەدا ٥٣.٣ بووە، لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران سنە لە پلەی ٣٠ ھەمین دایە لە رێژی بەشداربووان.

ئەوە لە کاتێکدایە لە خولی یانزەھەمی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرانی کورد، خاوەنی ٢٠ کورسی بوون، ئەوانیش پێکھاتبوون لە ٦ کورسی پارێزگای سنە و ٨ کورسی پارێزگای کرماشان و ٣ کورسی پارێزگای ورمێ و ٣ کورشی پاریزگای ئیلام.