کاندیدانی کورد لە ئیلام و ورمێ سەرجەم کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە

2024-03-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بەردەوامە، بەپێی ئەنجامەکانیش کاندیدانی کورد لە ھەردوو پارێزگای ئیلام و ورمێ، سەرجەم کورسییەکان و لە سنەش شەش کورسی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە.

لە شاری پاوە کاندیدێکی کورد بە ناوی رەستگار یوسفی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و لە قەسری شیرین و دەوروبەری فەتحوڵا حوسێنی کورسیەکەی مسۆگەر کردووە.

ھەروەھا سێ کاندید کورد بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە پارێزگای ئیلام سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە و کورسی پەرلەمانیان بردووەتەوە.

ھاوکات لە پارێزگای ورمێش، کاندیدانی کورد سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە و سەرجەم کورسییەکانی ئەو پارێزگایەیان مسۆگەر کردووە.

رۆژی ١ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بەڕێوەچوو، بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتەش، رێژەی بەشداریکردن زیاتر لە ٤٠٪ بووە.

ھاوکات، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە پارێزگای خۆراسانی باشوور وەکو ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ٢٧٥ ھەزار و ٤٦٤ دەنگ بە رێژەی ٨٢.٥٧٪ دەنگەکانی بەدەستھێناوە، بەراورد بە دووخولی رابردوو دەنگەکانی زیادیکردوە.