جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئێران بەردەوامە

2024-03-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە پارێزگای ورمێ حەوت کاندیدی کورد سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە کە یەکێکیان ژنە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەنجامی بەرایی دەنگەکان لە شارەکانی ورمێ و نەغەدە و شنۆ و بۆکان و مەریوان و مھاباد و تیکاب قروە و سەلماس راگەیەنراوە، ھەروەھا ئەنجامی دەنگەکانی ھەمەدان و قروە و ٧٠٠ سندوقی دەنگدان لە تاران جیاکراونەتەوە.

بەپێی ئەنجامەکان، لە ورمێ لەکۆی سێ کورسی بۆ بوون بە ئەندامی پەرلەمانی ئێران، لە پارێزگای ورمێ حەوت کاندیدی کورد سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە کە یەکێکیان ژنە، ئەوەش یەکەمجارە لەو شارە ژنێکی کورد ببێتە پەرلەمانتار.

ھەر بەپێی ئەنجامەکان، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای خۆراسانی باشوور وەکو ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ٢٧٥ ھەزار و ٤٦٤ دەنگ بە رێژەی ٨٢.٥٧٪ دەنگەکانی بەدەستھێناوە، بەراوورد بە دووخولی رابردوو دەنگەکانی زیادیکردوە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان ٤٠٪ی تێپەڕاندوە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری دەنگەکان لە سندوقەکانی دەنگدان لە شارەکانی ئەو وڵاتە جیاکراونەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەنن.