وەزارەت و فەرمانگەکانی ھەرێم سەرقاڵی ئامادەکرنی لیستی مووچەن بە زمانی عەرەبی

2024-03-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەت و فەرمانگەکانی ھەرێم سەرقاڵی ئامادەکرنی لیستی مووچەن بە زمانی عەرەبی، پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت، ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ئەو لیستە ئامادە بکرێت، چونکە داوای ھەندێک زانیاری کراوە لە لیستەکانی رابردودا نەبووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوای داواکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی شوبات بە زمانی عەرەبی و لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەن، لە ئێستادا وەزارەت و فەرمانگەکانی ھەرێم لە دەوامدان و سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستەکەن.

وتیشی، بەپێی زانیارییەکان ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ئەو لیستە ئامادە بکرێت، چونکە لە لیستەکانی رابردوو فەرمانبەران ناوی سیانیان نوسراوە، ئێستا داوای ناوی چواری دەکرێت، ھەروەھا بەکارھێنانی زمانی عەرەبی بۆ زانینی پلە و قۆناغی فەرمانبەرانە، چاوەڕوان دەکرێت ئامادەکرنی لیستەکە تا چوارشەممە بەردەوام بێت.

راشیگەیاند، دوو جۆر ئامادەکردنی لیستی مووچە ھەیە، ئەوانەی ھەمیشەین لەگەڵ لیستی ئەوانەی بە گرێبەست دامەزراون، ماوەی چەند ساڵە دامەزراون و نوسراوی دامەزراندینان بکرێت بە عەرەبی و ھاوپێچ بکرێت.