زانیاری لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئێران

2024-03-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و کۆمیسیۆن دەڵێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان رادەگەیەنن.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دوانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بە بەشداری نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس بەرێوەچوو، لیژنەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش دەستیان بە پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کردوە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان ٤٠٪ی تێپەڕاندوە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری دەنگەکان لە سندوقەکانی دەنگدان لە شارەکانی ئەو وڵاتە جیاکراونەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەنن.

ئەنجامی کۆتایی دەنگەکانیش لە شارەکانی نەغەدە و شنۆ و بۆکان و مەریوان و مھاباد و تیکاب قروە و سەلماس راگەیەندراوە، ھەروەھا ئەنجامی دەنگەکانی ھەمەدان و قروە و ٧٠٠ سندوقی دەنگدان لە تاران جیاکراونەتەوە.

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرا لە پارێزگای خۆراسانی باشوور وەکو ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ٢٧٥ ھەزار و ٤٦٤ دەنگ بە رێژەی ٨٢.٥٧٪ دەنگەکانی بەدەستھێناوە، بەراوورد بە دووخولی رابردوو دەنگەکانی زیادیکردوە.

لەو ھەڵبژاردنەدا ١٢ ھەزار و ٣٣ کەس خۆیان کاندیدکردووە، ھەروەھا ٦١ ملیۆن و ١٧٢ ھەزار و ٢٩٨ کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان ھەبووە.