دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی تایبەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھەرێم تاوتوێدەکات

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
هیوا
رۆژی دووشەممەی داھاتوو دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە تایبەتە بە نرخی ئەو نەوتەی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی دەنێرێت و نرخەکەی بەراورد بە ١٥ پارێزگای دیکەی عێراق زیاترە.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی ٤ـی ئەم مانگە دادگاکە سکاڵایەکی نەھرۆ مەحمود جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێدەکات و تیایدا داوایکردووە بڕیارێکی حکومەتی فیدڕاڵ بە نادەستوری لە قەڵەم بدات کە تایبەتە بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە بڕی ٢٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک.

لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ھەر خێزانێک نەوتی سپی بە ١٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک لێ وەردەگرێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش لە ٣١ـی ئەم مانگە بەدواوە پێدانی نەوتی سپی بە ھەرێمی کوردستان بۆ ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک زیاد دەکرێت.

لە سکاڵاکەدا داواشکراوە دادگای فیدڕاڵی حکومەت پابەندبکات بە رەچاوکردنی بنەمای یەکسان بۆ دابینکردنی پێداویستی ھاووڵاتیان و بەھەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، نەوتی سپیش بە ١٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات.