فەتح: ململانێکانی ناوماڵی سوننە رێگرن لەبەردەم ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەندامێکی ھاوپەیمانی فەتح دەڵێت، ململانێکانی ناوماڵی سوننە بوونەتە رێگر لەبەردەم ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و داوا لە ھێزە سونییەکان دەکات، لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە بگەنە رێککەوتن و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکەن.

عائید ھیلالی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ململانێکانی ناوماڵی سوننە، بەربەستن لەبەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەوەشی خستەڕوو، ناوماڵی سوننە چەندین ناکۆکی تێدایە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھێزە سوننەکان ناتوانن کاندیدێکی جێی رەزامەندی سەرجەمیان بخەنە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ئەندامەی ھاوپەیمانی داواشی لە ھێزە سوننییەکان کرد، بەزووترین کات بگەنە رێککەوتنێک لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و بۆ پۆستەکە پێشکەشی بکەن.

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە محەمەد حەلبوسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخراوەتەوە و تائێستا پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە.