ئێران ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت

2024-02-29   |  
فۆتۆ: 
لاوان
ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرت و وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵێت، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی غازەوە ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وڵاتدا چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەکاتێکدا لە ھەوڵدان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و دەستەبەرکردنی کارەبای پێویست بۆ ھاوڵاتییان لە وەرزی ھاوینی داھاتوودا، جارێکی دیکە ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی راگرتنی ھەناردەکردنی غازەکەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغداد و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، رێوشوێنی بەپەلەیان گرتووەتەبەر و لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە گفتوگۆدان، بۆ زیادکردنی سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، تاکو کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غازی پێ قەرەبووبکرێتەوە، تا ئەوکاتەی ھەناردەکردنی غازی ئێران دەستپێدەکاتەوە.