ئەمریکا تاوتوێی گەیاندنی ھاوکارییەکان لە رێی ئاسمانەوە بۆ غەززە دەکات

2024-02-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا تاوتوێی گەیاندنی ھاوکارییەکان لە رێی ئاسمانەوە بۆ غەززە دەکات، بەھۆی ئەوەی گەیاندنیان لە رێی وشکانییەوە بە سستی بەڕێوەدەچێت.

چوار لێپرسراوی ئەمریکی بە پێگەی "ئکسیوس"یان راگەیاندووە، کۆشکی سپی تاوتوێی ئەگەری ھەڵدانی ھاوکارییەکان لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی جەنگی دەکات بۆ خەڵکی غەززە، چونکە ئیدارەکەی جۆ بایدن ترسی ھەیە لەوەی قەیرانی مرۆیی زیاتر قوڵ ببێتەوە، بە تایبەت لە غەززە کە مەترسی برسێتی زۆرە. 

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەبارەی ھاوکارییەکان کە دەگەیەندرێتە غەززە بەراورد بە مانگی یەک بۆ نیوە کەمبووەتەوە. 

سوپای میسریش رایگەیاندووە، بە ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی و بە ھەماھەنگی چەند وڵاتێک، ھاوکارییان بۆ خەڵکی غەززە ھەڵداوەتە خوارەوە، کە چەند تۆنێک دەبوون و ھاوکاریی مرۆیی و بەپەلەی تێدا بووە.