نەختی نێودەوڵەتی: عێراق لە زیادبوونی بەرھەمی نا نەوتی گەشەی بەرچاوی کردووە

2024-02-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی نەختی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، عێراق لە بواری زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی نانەوتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە و گەشەی باشی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی نێوان ژمارەیەک لە پسپۆڕانی رێکخراوی نەختی نێودەوڵەتی و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کە لە ئوردن بەڕێوەچووە، گفتوگۆ کراوە لە بارەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی عێراق و ھەنگاوەکانی بە ئاراستەی بەھێزکردنی سیاسەتی ئابووری و کەرتی بانکی و ھەوڵدان بۆ رێگریکردن لە کاریگەرییە خراپەکانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئابوری عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پسپۆڕانی رێکخراوی نەختی نێودەوڵەتیش باسیان لەوەکردووە لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێرییەکانیان، بۆیان دەرکەوتووە عێراق لە بواری گرنگیدان بە کەرتە نانەوتییەکان و زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی نا نەوتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە و گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.