د. دیندار زێباری: حکومەت ھەنگاوی زۆری ناوە بۆ پابەندبوون بە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی ھەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، وێڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان، بەڵام حکومەت ھەنگاوی زۆری ناوە لە بارەی جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

د. دیندار زێباری لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتی ھەرێم لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، پلانی ھەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠٢١ تا ٢٠٢٥ پەسەند کردووە، پلانەکەش بە بەشداری و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و یۆنامی و وەزارەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بووە و پلانەکەش لە (٢٧) بەش پێکدێت.

وتیشی، ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیارە بەرکارەکانی حکومەتی ھەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٢٥٪ زیادیکردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە حکومەتی ھەرێم وێڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان ھەنگاوی زۆری ناوە لە بارەی جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.