ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر بازرگانێک دەکات

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر یەکێک لە بازرگانەکانی سلێمانی دەکات، ھاوکات دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتی دەکات بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ سەروەری یاسا.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر بازرگانێک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەکانی رابردودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەرو بەسەختی بریندارکرا، ژووری بازرگانی ئیدانەی ئەو رووداوە دەکات، بەئەرکی خۆشیانی دەزانن بەرگری لەھەموو مافەکانی بازرگانان و پیشەوەران و وەبەرھێنەران بکات بێ جیاوازی.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بڕیاری دادگا کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەرزدەنرخێنن کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە داکۆکیان لەو دۆسیە ھەستیارە کردووە بۆچەسپاندنی سەروەری یاسا.

لە کۆتایشدا ژووری بازرگانی دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەکات، بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ باڵا دەستبوون و سەروەری یاسا.