لەدوای ١٢ ساڵ سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی میسر دەکات

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بۆ یەکەمین جار لەدوای ١٢ ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی میسر دەکات.

سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان دوو سەردانی لەسەریەکی گرنگ  بۆ ئیمارات و میسر ئەنجام دەدات، کە رەنگدانەوەی ھەنگاوەکانی ئەنقەرەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھەماھەنگی ھەرێمی. 

بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، سبەینێ ئەردۆغان دەچێتە ئیمارات و بەشداری لە لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان دەکات، کە لە دوبەی ئەنجام دەدرێت. 

رۆژی چوارشەممەش، ئەردۆغان دەچێتە میسر، کە ئەوە یەکەم سەردانە لە دوای ١٢ ساڵ و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت، کە ساڵانێکە ئاڵۆزی تێکەوتووە. 

بڕیارە لەو سەردانەشدا، ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆببنەوە و پەیوەندییەکان و بابەتە ھەرێمییە گرنگەکان و رەوشی غەززە و گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکە، باس دەکەن.