سەرۆککۆمار: پێویستە کارەکانی لیژنەی دەستپاکی دوور بێت لە کاریگەریی سیاسی

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسێکانی گەندەڵی بکرێت و کاری لیژنەی دەستپاکیش سەربەخۆ بێت و کاریگەری سیاسی لەسەر دروست نەکرێت.

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسێکانی گەندەڵی بکرێت و ھەوڵی جددیش بدرێت بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ رێگرتن لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی لیژنەکە نەھیڵدرێت بۆئەوەی رۆڵی چاودێرییەکەی لەسەر وەزارەت و دەستە و دامەزراوە جیاجیاکان بە باشی جێبەجێ بکات.

سەرۆککۆمار جەختیشکیردەوە، پێویستە کارەکانی لیژنەی دەستپاکی سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە کاریگەرییە سیاسییەکان بۆئەوەی بنەماکانی دەستپاکی بڵاوببێتەوە و پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان ھاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست ببێت.

لای خۆیەوە، زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان بەپێی ستراتیژی پاراستنی سامانی گشتی کار دەکات و رۆڵی چاودێریکردنیش لە عێراق گەشەی کردووە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژی ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەدەگلێن.