ئەمینداری گشتی ناتۆ وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمینداری گشتی ناتۆ وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکای دایەوە و دوپاتیکردەوە کە ھەر ھێرشێک بۆ سەر ھەر ئەندامێکی ناتۆ وەڵامی بەھێزی دەبێت.

لە وەڵامێکی نا راستەوخۆدا بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، یەنس ستۆلتنبێرگ  ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ رایگەیاند، ھەر ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەندامانی ناتۆ بەرگری لە یەکتری نەکەن، ئاسایشی ھاوپەیمانیەکە تێکدەدات و سەربازە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.

دوپاتیشیکردووەتەوە، ھەر ھێرشێک بۆ سەر ئەندامانی ناتۆ وەڵامی بەھێز و یەکگرتوی دەبێت و ئەمریکاش بە ئەندامێکی بەھێزی ھاوپەیمانییەکە دەمێنێتەوە.

ھاوکات شارل میشال سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا وەڵامی ترەمپی دایەوە و و لێدوانەکەی بە  ھەڵەشە ناوبرد. 

جەختیشیکردووەتەوە، لەوەی کە ھاوپەیمانی ناتۆ ٧٥ ساڵە ئاسایشی ئەمریکی و کەنەدی و ئەوروپییەکان دەپارێزێت.

پێشتر دۆنالد ترەمپ لە وتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی ساوس ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر ھاتو لە ھەڵبژاردنی داھاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا براوە بێت، ئەوا بەرگری لە وڵاتانی ھاوپەیمانی ناتۆ ناکات، ئەگەر پابەندە داراییەکانیان نەدەن،  بەڵکو ھانی روسیا دەدات ھێرشیان بکاتە سەر.