بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی دەکات

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن و دەڵێت، بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیارەکانتان ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەکرێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کاری رێکخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم ھەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەکانمان بە رێگەیەکی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە کاری رێکخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت ھاونیشتمانیان و بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکاندا دەبن.

دەقی پەیامەکە…

بەڕێز لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
ھەڤاڵان و تێکۆشەرانی خەباتی رێکخراوەیی 

سەرکەوتنی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) لەماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەکێتییانە و ھەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردە و پێشنیاری نوێ بۆ خۆڕێکخستنەوەی کاری رێکخراوەییتان لە سەر ئاستی مەکتەب، مەڵبەند، کۆمیتە و ئۆرگانەکان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە

ھەڤاڵانی خۆشەویست..
بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیارەکانتان ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەکرێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کاری رێکخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم ھەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەکانمان بە رێگەیەکی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە کاری رێکخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت ھاونیشتمانیان و بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکاندا دەبن.

بەڕێزان 
رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەک وزە و دیدگایەکی نوێ، روویەکی گەشتری بە کۆنفرانسەکەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی کارای ئەوان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێکۆشەرانمان، دەتوانین کارەکانمان لە ھەموو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی باشتر رێکبخەینەوە و کار و ئەرکەکانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆ بێت.


ھەڤاڵانی یەکێتی 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و ھۆشیاری، پاشان کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن، سەرەتای قۆناغێکی نوێی کاری رێکخراوەییمانە. نوێکردنەوەی سەرجەم مەکتەب و دامەزراوەکانی ‌حزب، پێویستیی  قۆناغەکەیە و دەبێت ھەموولایەک بە رۆحێکی یەکێتییانە و بەرپرسیارانە ھەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پرۆژەکانتان ھاوتەریب بێت لەگەڵ ھەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانکارییەکان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان