ھەردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عێراق بەشداریی لە لوتکەی جیھانی حکومەتەکان لە دوبەی دەکەن

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیھانی حکومەتەکان گەیشتە دوبەی و بڕیارە لە لوتکەکەدا وتارێک پێشکەشبکات.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، بۆ بەشداریکردنی لە لوتکەی جیھانی حکومەتەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتە دوبەی پایتەختی ئیماڕات، کە بڕیارە لە رۆژی ١٢ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبێت.

لە لوتکەکەدا داھاتووی حکومەتەکان و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و ئەزموونی حکومەتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمیش لەمیانی بەڕێوەچوونی لوتکەکەدا، زنجیرەکەی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ سەرکردە و لێپرسراوە باڵاکانی وڵاتان ئەنجامدەدات و بڕیاریشە لە لوتکەکەدا وتارێک پێشکەش بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، بەشداری لوتکەی جیھانی حکومەتەکان بکات و تیایدا وتارێک پێشکەش بکات.