کۆمپانیایەکی کوەیتی سکاڵا لە دژی عێراق تۆمار دەکات و داوای ٣٨٠ ملیۆن دۆلار دەکات

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمپانیایەکی کوەیتی لەناوەندێکی نێودەوڵەتی سکاڵا لەدژی عێراق تۆمار دەکات و داوای ٣٨٠ ملیۆن دۆلار دەکات وەک قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی.

کۆمپانیای کۆگای گشتی کوەیت کە بە ئەجیلیتی ناسراوە رایگەیاندووە، بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە بواری وەبەرھێناندا، لەساڵی ٢٠١٥ گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیمزاکردووە و ساڵی ٢٠١٧ تیمەکانیان لەعێراق دەستیان بەکارکردووە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢١ بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک حکومەتی عێراق تاکلایەنە گرێبەستەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە و ھەر ئەو کاتەش کۆمپانیاکە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی وەبەرھێنان سکاڵای تۆمارکردووە بەڵام رەتکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا چەند ھەفتەی رابردوو بە رەسمی ھەموو بەڵگەکانیان ھاوپێچیی داواکارییەکانیان کردووە و جارێکی تر لە لە ناوەندیی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی وەبەرھێنان سکاڵایان لەسەر عێراق تۆمارکردووە و قبوڵیش کراوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق بڕی ٣٨٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە کۆمپانیای کۆگای گشتی کوەیت چونکە لە عێراق ئەو پارەیەی بۆ پرۆژەکان خەرجکردووە.