وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رونکردنەوەیەکی لەسەر پارەی بەشەخۆراک بڵاوکردەوە

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لیژنەیەکی لەبارەی پارەی بەشە خۆراک پێکھێنا، وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، مانگانە زیاتر لە ٣ ملیار دینار دەگەڕێنرێتەوە بەغداد.

وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پارەی بەشەخۆراک بڵاوکردەوە رایگەیاند، بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە ٢٣/١٠/٢٠٢٢ رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم ئیمزاکراوە، کە تەواوی داھاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و داھاتی سەبەتەی خۆراک دراوە بە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و بارکردن و داگرتن لە تەواوی شارەکانی ھەرێم و پاداشتی فەرمانبەران و دابینکردنی پێداویستی فەرمانگەکان دەگرێتە ئەستۆ.

ھەروەھا، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ ھەزار دینار وەک داھاتی سەبەتەی خۆراک دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، ئەوانیش بۆ گواستنەوە و داگرتن و بارکردنی خۆراک لە کۆگاکان و پاداشتی فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەکان و دیوانی وەزارەتی خەرجدەکەن.

لە ئێستاشدا بۆ دەرخستنی راستیەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی بەدواداچون پێکھێنراوە، ھەروەھا داوای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەن و رۆژنامەنوس تۆمار دەکەن کە بەمەبەست رایگشتییان بە لاڕێدا برد ھەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەت دروستکرد.

ئەو رونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی بڵاوکرایەوە لەبارەی دابەشکردنی پارەی سەبەتی خۆراک دابەشکراوە بەسەر وەزیر و بریکار و بەرێوەبەرە گشتییەکان و فەرمانبەرانی ناو دیوانی وەزارەت.