زیاتر لە ٥٠ وڵات ئامادەن دژی ئیسرائیل راپۆرت بدەنە دادگای دادی نێودەوڵەتی

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
دادگای دادی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ٥٢ وڵات ئامادەن لە دانیشتنی سکاڵایەک دژی ئیسرائیل بن و وتەیان ھەبێت.

دادگاکە رایگەیاندووە، لە ١٩ بۆ ٢٦ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەیەک لەسەر سکاڵایەکی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن کە تیایدا سوپای ئیسرائیل تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و ٥٢ وڵاتیش ئامادەییان دەربڕیووە راپۆرتی خۆیان دژی ئیسرائیل پێشکەش بکەن.

ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند، تا ناوەڕاستی ئەم مانگە پێویستە حکومەتی ئیسرائیل راپۆرتێک لە بارەی جێبەجێکردنی شەش فەرمانی دادگای دادی نێودەوڵەتی پێشکەشی دادگاکە بکات. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی راپۆرتێکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان پێدەچێت ئیسرائیل سەرپێچی فەرمانەکانی دادگای کردبێت لە پاراستنی ھاووڵاتیانی فەڵەستنی لە غەززە و دوای بڕیارەکانی دادگاش ھەزار و ٧٥٥ ھاووڵاتی مەدەنی لە بۆردومان و ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دادگای دادی نێودەوڵەتی شەش فەرمانی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی کوژرانی ھاووڵاتی مەدەنی و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.