یەکێتی ئەوروپا: ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کارەساتی مرۆیی دروست دەکات

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
شنیار
لێپرسراوی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ھۆشداری دەدات لە لێکەوتەکانی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح و دەڵێت، کارەساتی مرۆیی دروست دەکات.

جۆزێپ بۆرێڵ، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، ئەو ھۆشداریە دوبارە دەکەنەوە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا داویانە لەبارەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح، چونکە ھەر ھێرشێکی لەو شێوەیە دەکرێت کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە دروست بکات و ھاوکات دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی مەترسیداریش لەگەڵ میسر.  

ھەروەھا رایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی دانوستان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگرتنی شەڕ، تەنھا رێگەیە بۆ رێگریکردن لە خوێن رشتنی زیاتر.

ئەو ھۆشدارییەی بۆڕێڵ لەکاتێکدایە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، فەرمانی داوەتە سوپا بۆ ئەوەی پلانێک دابنێن بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی رەفەح و لەناوبردنی چوار کەتائیبی بزوتنەوەی حەمماس کە لەو ناوچەیەدان .