سبەینێ یەکێتی و گۆڕان کۆدەبنەوە و پرسی کاروباری حکومەت تاوتوێ دەکەن

2024-02-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بڕیارە سبەینێ یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆببنەوە و پرسەکانی کاروباری حکومەت و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق تاوتوێ بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردسات نیوز سەعات ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی سبەی یەکشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی یاسایی و کاروباری حکومەت تاوتوێ دەکرێن.

ھەر بەپێی زانیارییەکان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیش لە تەوەری تری کۆبوونەوەکە دەبن.

لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ھەردوو حزبەکە ھاوڕابوون کە ھەوڵەکان چڕ بکرێنەوە تا کێشەی ژیانی ھاووڵاتییان و نەبوونی مووچە و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد چارەسەر بکرێن، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.