ئەنجومەنی نوێنەران: پێویستە رێگری بکرێت لەوەی وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان

2024-02-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەبێ بەشداری سوننە و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبونەوەی راوێژکاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کۆتاییھات، لەکۆبوونەوەکەشدا پێشێلکارییەکان بەرامبەر سەروەری عێراق سەرکۆنە کرا.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنەکە بووە، تایبەت بوو بەو پێشێلکاریانەی کە کراونەتەسەر سەروەری عێرق و تیایدا جەخت کرایەوە ھێرشەکان لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت رەتکراوەن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەنجومەنی نوێنەران بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سەرکردەکانی دەکات و داواش لە حکومەت دەکات رێگربکات لە بەردەمی پێشێلکارییەکان و رێگە نەدات وڵات ببێتە گۆڕەپانی ململانێی و وڵاتانیش پابەندبکات بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان بەبێ ئەوەی شیکاری جیاواز بۆ بڕگە و ماددەکانی بکەن.

دانیشتنی ئەنجومەن نوێنەران دوای بۆردومانێکی ھێزەکانی ئەمریکا ھات بۆ سەر بەغداد لە شەوی ٧ی ئەم مانگە کە تیایدا ئەبو باقی ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی فەرماندەی حزبوڵای عێراقی کوژران.