کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت

2024-02-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەبێ بەشداری سوننە و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان، کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیپێکرد.

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت یاداشتی ١٠٠ پەرلەمانتاری لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاڕاستەی ھەردوو لیژنەی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کرد و رایگەیاند، داوا لە حکومەت دەکات بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێبکات کە تایبەتە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا.

دانیشتنی ئەنجومەن نوێنەران دوای بۆردومانێکی ھێزەکانی ئەمریکا دێت بۆ سەر بەغداد لە شەوی حەوتی ئەم مانگە کە ئەبو باقی ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی فەرماندەی حزبوڵای عێراقی کوژران. 

دوای بۆردومانەکەش زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیمزایان کۆکردەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە و دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق. 

لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی دەرکرد، کە تێیدا حکومەتی عێراق ناچاردەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و کۆتایی ھێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق.