ئەمریکا: لە ھێرشەکەی سەر عێراق و سوریا زیاتر لە ٤٠ چەکداری سەر بە ئێران کوژران

2024-02-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا ئاماری کوژراوانی گرووپە چەکدارەکانی لەچەند رۆژی رابردوودا لە عێراق و سوریا ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی نەکوژراوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھێرشەکەی شەوی دوو لەسەر سێی ئەم مانگە، زۆر بەوردی لەناو خاکی عێراق و سوریا لەماوەی تەنھا نیو سەعاتدا زیاتر لە ٨٥ پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە زیاتر لە ١٢٥ مووشەک کرانە ئامانج بەبێ ئەوەی ھیچ زیانێک بە خەڵکی مەدەنی و ھیچ شوێن و دامەزراوەیەکی دیکەی ئەو دوو وڵاتە بگەیەنن.

راشیگەیاندووە، بەپێی بەڵگە و زانیارییەکانیان لەو ھێرشەدا زیاتر لە ٤٠ چەکداری گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا کوژراون و سەرجەم ئەو زانیارییانەش کە باس لە کوژرانی خەڵکی مەدەنی دەکەن لەو دوو وڵاتە، دوورن لە راستییەوە و ھەموو ئەوانەی کوژراون چەکداری سەر بە ئێران بوون.