ئەمریکا: ھێرشەکانمان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق کۆتایی نایەت

2024-02-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا دەڵێت، ھێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کۆتایی نایەت و لەگەڵ ھەموو ھێرشێکیشدا حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووتەوە.

ساموێل وربێرگ وتەبیژی ھەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا کە لە ھێرشەکەی ئوردن کوژران بەھۆی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ھەر وا بەئاسانی کۆتایی نایەت و وەڵامەکانیان زۆر قورس و توند دەبێت و ئەو ھێرشانەی لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا کردوویانەتە سەر ئەو گرووپانەی نزیک لە ئێران لە عێراق، کۆتایی نییە و ھێرشی تریش ئەنجام دەدەن و لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا دەکەن کە ھێرشدەکەنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.

ھاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش (پنتاگۆن) ئاماژەی بەوە کردووە، ھەر راستەوخۆ دوای ھێرشەکانیان حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، پەیامەکەشیان بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا زۆر روونە و ئەگەر ھێرشەکانیان لە دژی ئەمریکا رانەگرن، زۆر بەوردی ھێرشیان دەکرێتەسەر و راستەوخۆش سەرکردە باڵاکانیان دەکرێنە ئامانج.