یەحیا رەسوڵ: ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بووەتە ھۆکاری ناسەقامگیری و ھەڕەشە

2024-02-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ھاوپەیمانان لە عێراق بوونەتە ھۆکاری ناسەقامگیری و ھەڕەشە، کە ئەوەش وادەکات حکومەتی عێراق لە ھەموو کات زیاتر ھەوڵی کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانی ھاوپەیمان بھێنێت.

لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی نابەرپرسانە ھەموو ئەو کارانە دووبارە دەکەنەوە کە دەبنە ھۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و ھەڕەشە لەسەر سەقامگیری و گەلی عێراق دروستدەکات و بەم جۆرە ھێرشانە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی لەو ھۆکار و مەبەستانە دوردەکەوێتەوە کە بەھۆیانەوە ھاتبووە ناو خاکی عێراق.

ھەروەھا یەحیا رەسوڵ راشیگەیاند، ئەم ئاراستەیە وادەکات حکومەتی عێراق لە ھەموو کات زیاتر ھەوڵ بدات بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کە بووەتە ھۆکاری ناسەقامگیری لە وڵاتەکەدا و ھەڕەشەی ئەوە دروستدەکات کە عێراق بەرەو بازنەی ململانێکانی ناوچەکە رابکێشێت.