خەزعەلی: ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بەردەوام دەبێت

2024-02-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق رایدەگەیەنێت، ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بەردەوام دەبێت، بۆیە گرنگە عێراق بە رەسمی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بکات بۆ کشانەوەی بەپەلەی ھێزە بیانییەکان لە خاکی وڵاتەکەیدا.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاند، بەردەوامی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراقیەکان و پێشێلکاری وڵات بەڵگەیە لەسەر سوکایەتیکردنی ئەمریکا بە حکومەت و گەلی عێراق.

دەشڵێت، روون و ئاشکرایە بە بەردەوامی ھێرشدەکرێتە سەر عێراق، ھەرچەندە حکومەت چەند ھەنگاوێکی ناوە بۆ وەستاندنی ئەو ھێرشانە و مقاوەمەی ئیسلامیش پابەندن بە ئاگربەست و ھێرشنەکردن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگە عێراق بە رەسمی داواکاری پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و داوای کشانەوەی بەپەلەی ھێزە بیانیەکان بکات و عێراق دەست بەچەند رێکارێک بکات و توانای بەرگریکردنی بەرەوپێش بەرێت بۆ وەڵامدانەوەی دژی ھەر ھێرشێک دەکرێتەسەری.

خەزعەلی وتیشی، بەم ھەنگاوە زامنی گەلی عێراق و سەروەری ئاسمانی و زەمینی دەکرێت و دۆخی ئابوری بەرەوپێش دەچێت.