لە بەغداد بە درۆن ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و سێ کەس کوژران

2024-02-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە بەغداد بە درۆن ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەھۆیەوە دوو لێپرسراوی حزبوڵای عێراقی و لێپرسراوێکی نوجەبا کوژران.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٩:٣٠ خولەکی ئەم شەو بە درۆن ئۆتۆمبێلێکی حزبوڵای عێراق لە ناوچەی مەشتەل لە رۆژھەڵاتی شاری بەغداد کرایە ئامانج.

میدیاکانی عێراقیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە ھێرشەکەدا دوو لێپرسراوی حزبوڵا بەناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی و لێپرسراوێکی بزوتنەوەی نوجەبا کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە کوژراون.

ھاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاندوە، ئاگاداری ھێرشەکەی بەغدادن و لە کاتی گونجاودا زانیارییەکان دەخەنەڕوو.