لە قەزای خورماتوو گەورە تیرۆریستێکی داعش دەستگیرکرا

2024-02-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە قەزای خورماتوو گەورە تیرۆریستێکی داعش دەستگیر دەکرێت، کە کەسی یەکەمی ئەو گرووپە بووە لە چەند پارێزگایەکی عێراق.

دەزگای ھەواڵگری سەربازیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری ورد و بەھاوکاری بەشی ھەواڵگری سەر بەفەماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و ھێزە ئەمنییەکانی قەزای خورماتوو، لەناوچەیەکی سنوری ئەو قەزایە گەورە تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردووە کە چەندین ناسنامەی ساختەی بە چەندین ناوی جیاجیا پێبووە و لە ھاتوچۆکردنیدا لە نێوان شار و شارۆچکە و پارێزگاکان بەکاریھێناون.

راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆریستە کەسی یەکەمی پاشماوەکانی داعش بووە لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، دیالە و ئەنبار و لێپرسراوی دابینکردنی سەرچاوەیی دارایی و خۆراک بووە بۆ پاشماوەکانی داعش، بەپێی ماددەی چواری تیرۆریش لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە.