بانکی نێودەوڵەتی: ژێرخانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق باشترینە لە ناوچەکە

2024-02-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت: ژێرخانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق باشترینە لە ناوچەکە و پاڵپشتی خۆشی بۆ دامەزراندنی بانکێکی تایبەت بە پڕۆژە بچووکەکان لە عێراق دووپاتکردەوە.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێشوازی لە وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی کرد بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری نوسینگەی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەردوولا باسیان لە بەرزکردنەوەی ھاریکاری دووقۆڵی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و بانکی نێودەوڵەتی کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بانکی ناوندی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆژەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و گشتگیری دارایی و بەرنامەکانی چاکسازی بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و گەشەپێدانی کەرتی دارایی لە عێراق کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەردوولا باسیان لە پاڵپشتی بانکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پێدانی ڕاوێژ لە دامەزراندنی بانکی ڕیاز کە تایبەتە بە دابینکردنی دارایی پڕۆژە بچووکەکان لە عێراق، بە پاڵپشتی کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی.

دەشڵێت، وەفدی بانکی نێودەوڵەتی ستایشی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراقی کردووە لە ئاسانکاری گواستنەوەی دارایی بۆ توێژە جیاوازەکانی عێراق و دووپاتیکردەوە ژێرخانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و سیستمی پرۆگرامسازی لە عێراق لە باشترین سیستمەکانی ناوچەکەن.