ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا ھەناردەی نەوت بە جێگیری بھێڵێتەوە

2024-02-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لیژنەی وەزاری ئۆپیک پڵەس تایبەت بە چاودێری نرخی نەوت، بڕیاریدا تا مانگی نیسانی ئەمساڵ ھەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیھان بەجێگیری بھێڵێتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری ئۆپیک پڵەس تایبەت بە چاودێری نرخی نەوت کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، باسی لەوەکرد، بەمەبەستی پاراستنی ھاوسەنگی لە خواست و خستنەڕوی نەوت لە بازارەکانی جیھان، ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بۆ دوو مانگی داھاتوو ھەناردەی نەوت بەجێگیری بھێڵێتەوە.

وتیشی، سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ جارێکی دیکە لیژنەکەیان ھەڵسەنگاندن بۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھاندا دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش راسپاردەی خۆی بۆ کەمکردنەوە یان زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پێشکەش بە وەزیرانی نەوتی وڵاتان دەکات.