لاھور شێخ جەنگی لەگەڵ وەفدێکی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا کۆبۆوە

2021-05-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا کۆبووەو جەختیکردەوە لە پێویستی گرتنەبەری رێگەی ئاشتی بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان.

لاھور شێخ جەنگی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەکات، سەڵاح دەروێش، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا گفتوگۆیانکرد دەربارەی دۆخی ڕۆژئاڤا و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، جەختیانکردەوە لەسەر نەھێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردی ڕۆژئاڤا دەبێتەوە، پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆیان دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا بە جۆرێک کە ڕۆڵی ھیچ لایەنێک نادیدە نەگیرێت، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی و ھاوکاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان بۆ دووپاتکرایەوە.

ھەروەھا ئاماژەیان بە پەیوەندیی دێرین و مێژویی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا  کرد کە بناغەکەی لەسەر دەستی ھەردوو خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال و عەبدولحەمید دەروێش داڕێژراوە.