چێڵسی بەرگریکارێکی بەبڕی ٢٠ ملیۆن پاوەن فرۆشت

2021-07-19   |  
مارک گویی یانەی کریستاڵ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یانەی چێڵسی ئینگلیزی بە شێوەیەکی رەسمی رۆشتنی مارک گویی بەرگریکاری لاوی یانەکەی راگەیاند و بەبڕی ٢٠ ملیۆن پاوەن پەیوەندی بە یانەی کریستاڵ پاڵاسەوە کرد .

گویی تەمەن ٢١ ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٧وە پەیوەندی بە ئاکادیمیای یانەی چێڵسییەوە کردووەو لەو ماوەیەدا لەسەرجەم ئاستە تەمەنییەکانی تیپەکەی یاریی کردووە , بەڵام وەرزی رابردوو بە شێوەی خواستن رووی لە یانەی سوانزی سیتی کرد و ھاوینی ئەمساڵیش بە شێوەیەکی یەکجاری چێڵسی جێدەھێڵێت .
ھاوکات یانەی کریستاڵ پالاس ئەوەی راگەیاندووە کە ئەو بەرگریکارە لاوە گرێبەستێکی پێنج ساڵەی لەگەڵ یانەکەیاندا ئیمزا کردووە و تا ھاوینی ٢٠٢٦ لە سێلھۆست پارک دەمێنێتەوە .
بەپێی راپۆرتە ھەواڵییەکان یانەی چێڵسی بەندی کڕینەوەی ئەو یاریزانەی لە گرێبەستەکەدا داناوە ئەگەر بێت و ھەمان بڕە پارە واتا ٢٠ ملیۆن پاوەن بگێڕنەوە بۆ کریستاڵ پاڵاس .
چاوەڕوان دەکرێت یەکەم یاریی ئەو یاریزانەش لە پرێمەر لیگ بەرامبەر یانەی چێڵسی بێت کاتێک تیپەکەی لە دەستپێکی خولەکەدا رووبەڕووی شین پۆشەکانی لەندەن دەبێتەوە .