وەزارەتی دارایی ھەرێم: گرێبەستی وەرگرتنی ٢٥٠ ملیار دیناری قەرزمان ئیمزاکرد

2023-12-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
عێراق بڕیاریدا لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێم، وەزارەتی دارایش دەڵێت ٢٥٠ ملیار دینار بە قەرز لە بانکی ڕافیدەین وەردەگرێت بەبێ ئەوەی وادەی دابەشکردنی موچە دیاری بکات.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند،  رۆژی ھەشتی ئەم مانگە نوسراویان کردوە بۆ پێدانی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە سورە لەسەر بەجێگەیاندنی داواکاری فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دارایی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە، ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری گرێبەستی وەرگرتنی ٢٥٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە ئیمزاکرد و چاوەڕوانن لە داھاتویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

وەزارەتی دارایی لە رونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران نەکردووە، بەھۆیەش دیار نییە چ رۆژێکی ئەم ھەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

پێشتریش فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی ٧٠٠ ملیارەکەی داوە و رۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم ھەفتەیە پارەکە رەوانەی ھەرێم دەکرێت.