ئەو شۆفێرەی لە بەغداد پۆلیسێکی ھاتووچۆی کرد بەژێرەوە بە ساڵێک زیندانیکردن سزادرا

2023-12-06   |  
فۆتۆ: 
هەژار
ئەو شۆفێرەی لە بەغداد بە ئەنقسەت پۆلیسێکی ھاتووچۆی کرد بەژێرەوە، لەلایەن دادگاوە سزادرا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆتایی ھاتنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو شۆفێرەی لە چەند رۆژی رابردوودا پۆلیسێکی ھاتووچۆی کرد بەژێرەوە و ھەڵات کە ویستبووی لەسەر سەرپێچییەک لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، شۆفێرەکە لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرخەوە لە بەغداد بە زیندانیکردن بۆ ماوەی یەک ساڵ سزادرا.

لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تیایدا دەرکەوتبوو پۆلیسێکی ھاتووچۆ لە گەڕەکی جامیعە لە بەغداد کاتێک ھەوڵیدابوو لەسەر سەرپێچی لێپرسینەوە لە شۆفێرێک بکات، بەڵام شۆفێرەکە پۆلیسەکەی کرد بەژێرەوە و ھەڵات، بەڵام دواتر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.