ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی مووچە و بودجە بڵاوکرایەوە

2023-12-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوە و دوایین پێشھاتەکانی بەشە بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستانی تاوتوێکرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد شایستەی ھاووڵاتیانی ھەرێم بدات.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم چەند پرسێکی تایبەت بە رەوشی ھەرێم و عێراق و ناوچەکەی تاوتوێکرد، وەفدی دانوستانکاریش ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، سەرەڕای دروستبوونی لەیەکترگەیشتنێکی ھاوبەش لە بەغداد، دەبێت شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ناکۆکیی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و بڕە پارەکانی ھاتوو لە خشتەکانی بودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت.

ھاوکات ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای ھەمواری یاسای بودجەی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکات، بە ئاڕاستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە ھاتووە و دووربێت لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داھاتی نانەوتی. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەرێم ھەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە و دەستەی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ ھەرێم، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داھات و خەرجییەکان و میلاکی وەزیفیی ھەرێم کردووە، لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە.