کازمی داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات دەستپێشخەر بن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی پێشوەخت لەدژی داعش

2021-05-03   |  
ئۆپراسیۆنی سەربازیی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات، دەستپێشخەر بن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی پێشوەخت بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەکەی، بەبەشداری فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەو لێپرسراوانی ئەمنیی و وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و دارایی عێراق، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ئەمنیی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازیی بەپەلە، لەدژی پاشماوەکانی داعش لە عێراقدا.


لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باس لەوەشکراوە: مستەفا کازمی داوای کردووە ھێزە ئەمنییەکان دەستپێشخەر بن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی  لەدژی پاشماوەکانی داعش لەم وڵاتەداو ھەماھەنگی پێویست لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا، ھەبێت.


لەلایەکی تریشەوە، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە  ھەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی فەیسبوک، رایگەیاند: لەگەڵ فەریق جەمال سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریان لە کۆبونەوەیەکی فراوانی ئەمنیی و سەربازیی کردووە کە لەلایەن مستەفا کازمی سەرپەرشتی کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا: لە کۆبونەوەکەدا، بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی ھەماھەنگی و کارە ھاوبەشەکانی لیژنە ھاوبەش و تیمە ھاوبەشەکانی نێوان سوپاو و ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە ھاوبەشەکانی نێوانیان و پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵووێر کردنی زانیاریە ھەواڵگریەکان.