ناتانیاھۆ: ئەگەری ئازادکردنی تەواوی دیلەکانی کەرتی غەززە لەئارادا نییە

2023-12-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، ئەگەری ئازادکردنی تەواوی دیلەکان لە ئارادا نییە و حەماسیش ئەنجامدانی دانوستان پێش راگەیاندنی ئاگربەست رەتدەکاتەوە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەسوکاری دیلەکانی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە، کە لە ئێستادا ھیچ ئەگەرێک بۆ ئازادکردنی تەواوی دیلەکانی کەرتی غەززە نییە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەسوکاری دیلەکانی کەرتی غەززە نیگەرانن لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و داواکارن دیلەکان ئازادبکرێن پێش ئەوەی لەئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە گیانلەدەستبدەن.

ھاوکات، ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، تا ھێرشەکانی ئیسرائیل  بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێت، ئیسرائیل بە بەرپرسیارە لە گیانی دیلەکان و ھیچ دانوستانێکیش ناکرێت تا ئاگربەست رانەگەیەنرێت.

دەشڵێت، پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا ھیچ ناوچەیەکی پارێزراو لە کەرتی غەززە نییە و ھۆشدارییانداوە لە ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی کەرتی غەززە.