داواکارییەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی حەلبوسی پێشکەش دەکرێت

2023-11-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتیی سیاسی، داواکارییەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی محەمەد حەلبوسی پێشکەش دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بە بوونی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی.

د.ھێمان تەحسین بەڕێوەبەری کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ھەریەکە لە پەرلەمانتار باسم خەشان و حەیدەر مولە و عەبدولستار عادل و سوھەیب ئیسماعیل و مستەفا مووەفەق، داواکارییەکیان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کردووە.

بەپێی نوسراوەکەی بەڕێوەبەری کاروباری پارتەکان، پارتەکەی حەلبوسی تۆمەتبارکراوە بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای (بی جی ئاڕ)ی ئەمریکی و ناردنی پارە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارتەکان.

لەبارەی نوسراوەکەوە، د.ھێمان تەحسین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردن دەستەیەکی سەر بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانە و لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکە دەکات و لە ماوەی داھاتوودا لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.

پارتی تەقەدووم لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢١، ٣٨ کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستھێنا.