کۆمیسیۆن دابەشکردنی ١٣ ملیۆن کارتی دەنگدانی راگەیاند

2023-11-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دابەشکردنی ١٣ ملیۆن کارتی دەنگدانی راگەیاند، دەشڵێت، کارتە کۆنەکان چالاکن.

نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمیسیۆن لە کۆی زیاتر لە ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق، ١٣ ملیۆن کارتی وەرگرتووەوە و دابەشی کردووە.

وتیشی، دوو کاروانی نوێی کارت گەیشتووەتە عێراق کە ژمارەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزارە و چاوەڕوانی گەیشتنی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کارتی تریش دەکەن کە بڕیارە بەم نزیکانە بگات.

یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، کارتە کۆنەکانی دەنگدان بەکارایی دەمێننەوە ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەر زانیارییەکانیدا نەھاتبێت.