وەزارەتی نەوتی عێراق: مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠٩ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە

2023-11-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، داھاتی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی رابردوو نۆ ملیار و ٥٩٣ ملیۆن دۆلار بووە و تێکڕای نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە ٨٧ دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی تشرینی رابردودا بڕی ١٠٩ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزار و ٥٨٩ بەرمیل ھەناردەکراوە و داھاتەکەی نۆ ملیار و ٥٩٣ ملیۆن و ٦٤٣ ھەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بڕی ١٠٨ ملیۆن و ٥٠ ھەزار و ٣٦٠ بەرمیل و لە کێڵگەی نەوتی گەیارەش یەک ملیۆن و ٣٠ ھەزار و ٥٠١ بەرمیل ھەناردەکراوە، بڕی ٤٦٤ ھەزار و ٧٢٨ بەرمیلیش رەوانەی ئوردون کراوە. 

وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، تێکڕای نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی رابردودا ٨٧ دۆلار و ٥٧ سەنت بووە و لەلایەن ٣٨ کۆمپانیای جیھانییەوە بارکراوە.